ئافرەتێک فڵچە دەهێنێ بە دانەکانی لە کاتی دانشوشتن

١٠ ڕێی ئاسان بۆ دوورکەوتنەوە لە نەخۆشی ناودەم و کلۆربونی دانەکانت

هەمیشە بیستومانە خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر، لە ڕاستیدا ئەم دەربڕینە بیرۆکەی پشتی وێبگەی خۆپارێزە وەکو دەستپێشخەریەک بۆ هۆشیاری تەندروستی تاک لە کۆمەڵگای کوردی.  کلۆربونی ددان و نەخۆشی ناو دەم یەکێکە لە باوترین نەخۆشیەکان لە دنیادا، هۆکاری توشبون و هەبوونی ئازاریش بە پێی هەر کەس و حاڵەتێک جیاوازە. لە بلۆگی ئەو هەفتەیەم، کۆمەڵێک ڕێگای ئاسانتان دەخەمە بەردەست کە بە ئەنجامدانیان لە کلۆر بوونی دانەکان و نەخۆشی ناو دەم دووربن.

١.  دان-شۆردن لە کاتی خۆیدا

شۆردنی دانەکان بەیانیان و شەوان پێش نوستن بە بەکارهێنانی فڵچەیەکی نەرم لەگەڵ مەعجون بە گۆشەی ٤٥ و شۆردنی دانەکان بە نەرمی لەسەرەوە بۆ خوارەوە لە هەموو بەشەکانی پێشەوە و قەراغ و ناوەوە بە لایەنی کەم بۆماوەی ٢ خولەک.

٢. شێوازی هەڵگرتنی فڵچە دان و کاتی گۆڕینی

دەبێت فڵچەکە بە ڕێکی هەڵبگیرێت دوور لە شوێنێکی شێدار. پێویستیش ناکات فڵچەکە قەپاغی هەبێت.

هەمو ٣ تا ٤ مانگ جارێک فڵچەکەت بگۆڕە. وەلێ ئەگەر هەستت کرد فڵچەکەت زووتر تێکچووە و یان کەوتە سەر زەوی و پیس بوو ئەوا پێویستە یەکسەر بیگۆڕیت.

٣. بەکارهێنانی پەتی دان

بەکارهێنانی پەتێک بە درێژی دەستت تا ئانیشک، لول کردنی هەردوو لای پەتەکە لە دەستت، پاشان بە ئاڕاستەی بۆشای دانەکە بۆ پوکەکە بیبەرە ناوەو و بیهێنەرە دەرەوە، پێویستە ڕۆژی جارێک بەکاری بێنین.

٤. پاک ڕاگرتنی زمان

بەکارهێنانی کەرەستەی زمان پاکەرەوە بە شێوازێکی نەرم دەبێتە هۆی پاکڕاگرتنی زمان (tongue scraper)

٥. ژەمە خواردنی هاوسەنگ و دوورکەوتنەوە لە ژەمی خێرا

خواردنی میوە و سەوزە و ژەمە تەندروستەکان جگە لە تەندروستی جەستەیی زۆر گرنگە بۆ دەم و دانمان، بە پێچەوانەشەوە خواردنی شیرینی و ترشی و خواردنە خراپەکانی وەکو (جبس، ساردی، مەساسە، نوقڵ… هتد) یەکێکە لە سەرەکیترین هۆکارەکان بۆ کلۆربوونی دانەکانمان.

٦. دوورکەوتنەوە لە خواردنەوە کحولیەکان و توتن و بەرهەمەکانی

توتن و کحول ئەگەری توش بوون بە نەخۆشی ناو دەم و شێرپەنجە زیاتر ئەکا و دووکەوتنەوە لێیان تەندروسترت دەکا.

٧. خواردنەوەی ئاو و غەرغەرە پێکردنی

ئاو خواردنەوە هەمیشە یارمەتی دەر بووە بۆ تەندروستیەکی باشی جەستە، بە هەمان شێوە کاریگەری زۆری هەیە بۆ پاک ڕاگرتنی دەم و دان. یەکێک لە باشترین ڕێگەکانیش بۆ پاک ڕگرتنی دەم و دان ئاو ڕایانە لە دەم دوای شت خواردن.

٨. ئاگاداری لەو بەرهەمانەی کە بۆ دان سپی کردنەوە بەکاری ئەهێنرێ

هەندێک جار بەکارهینانی دەرمانی سپی کردنەوە بە بێ ئاگای دەبێتە هۆی هەستیار بوون و تێکچونی دانەکانمان، بۆیە باشتر وایە پرسیار لە پزیشکی دانی شارەزا بکرێت و بە ڕێگەی تایبەتی خۆی بەکاربهێنرێت.

٩. مامەڵەکردن لەگەڵ سترێسدا

بێ ئاگای لە ناجێگیری دەروونمان هەندێ جار دەبێتە هۆی دروست بوونی هەندێک ڕەفتار کە زیان بە ناو دەم و دانەکان دەگەیەنێت وەکو: دانە جیڕە، نینۆک خواردن، گاز گرتن لە بەشی ناوەوی گوپ … هتد. بۆیە ئەگەر هەستت بەم نیشانانە کرد پێویستە کەسی شارەزا ئاگادار بکرێتەوە.

١٠. بەردەوام ئاگاداری دەرمانەکانت بە

هەندێک دەرمان کاریگەری هەیە لەسەر دەم و دان، بۆیە پێویستە هەمیشە پشکنین بکەین بۆ ناو دەمان و ئاگاداری گۆڕانکاریەکان بین و پزیشکەکەمان ئاگادار بکەینەوە.

پاراستنی تەندروستی دەم وددان هۆکارە بۆ ڕێگریکردن لە زۆر نەخۆشی تر، جگە لەوەی هۆکارێکی کاریگەرە بۆ زەردەخەنە و متمانەبەخۆبون لە کاتی دەرکەوتن. بۆیە زۆر گرنگە هەمیشە ئاگاداری تەندروستی دەم و ددان بین و ڕێگەکانی خۆپارێزی بگرینە بەر. لەگەڵ ئەنجام دانی ئەم ڕێگایانەش، باشتر وایە ٦ مانگ جارێک سەردانی پزیشکی  دان بکرێت بۆ دڵنیای و وەرگرتنی چارەسەری پێویست.

بابەتێکی بەسودە، وانیە؟ دەی ئەو سودە بە دۆستانت بگەیەنە، شەیەری کە،
د. کارۆ بەکر احمد
د. کارۆ بەکر احمد

دەرچووی کۆلیژی پزیشکی ددان لە شاری سلێمانی.

Articles: 1