پەیوەندییە سەیرە بایۆلۆجیەکەی نێوان مێشك و گەدە.
خاڵە سەرەکیەکان:
- مێشک و گەدە لە رووی بایۆلۆجییەوە بەیەکەوە بەستراونەتەوە بە شێوەیەك کە گەدەی مرۆڤەکان ئازار دەچێژێت کاتێك ئێمە لەژێر فشارداین.
- فشار دەبێتە هۆی گەڕانەوەی شلەی گەدە، درووستبوونی گرێیەک لە گەدە، هێڵنجدان و ئاوسانی گەدە و گرژبوونێکی تووند و پێویستیان بەپەلەچوونە سەرئاو هەیە.
- باشترین چارە بۆ کێشەکانی سك کە بەهۆی فشارەوە خراپتر دەبێت، ئەوەیە کە فێری بەڕێوەبردنی فشار بیت بە شێوەیەکی کاریگەر.
زۆربەی ئەو کەسانەی کە کێشەی سکییان هەیە و لەژێر فشاردان، زۆرباش هەست بەو بێزاریییە دەکەن کە لەلایەن سکیانەوە سەرهەڵ دەدات. هەندێک کەس هەست بە هێڵنجدان دەکەن یان تووشی گەڕانەوەی شلەی گەدە و دڵەکزێ دەبن، هەندێکی تریش هەست بە ئاوسانێکی ترسناك و غازات(بای ناو سك) دەکەن. هەندێک کەس زۆر قڕقێنە لێدەەدن (قڕپ هێنانەوە). ئەو کەسانەی کە نەخۆشی تەسکبوونەوەی ڕیخۆڵەیان هەیە، زیاتر تووشی ئازاری سك و گرژبوون و تەنانەت پێویستیان بەپەلەی چوونە سەرئاو دەبێت، کاتێك لەژێر فشار و تووڕەیی و دڵەراوکێ دان.
ئەمە بۆچی ڕوودەدات؟
وادەردەکەوێت کە گەدە و مێشک زۆر بە توندی بەیەکەوە بەستراونەتەوە. واتە کۆئەندامی دەماری ڕیخۆڵە (کە کۆنترۆڵی گەدە و ڕیخۆڵەکان دەکات) بەردەوام پەیوەندی لەگەڵ سیستەمی دەماری ناوەندی (مێشک و بڕبڕەی پشت) دەکات و دەگەڕێتەوە.لەبەرئەوەیە زۆرجار نیشانەکان خراپتر دەبن کاتێك لەژێر فشارداین. ئەمە بەو مانایە نییە کە نیشانەکانت “هەموویان لە سەرتدان” فشار کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر شێوازی کارکردنی تەواوی سیستەمی گەدە و ڕیخۆڵە بەهۆی گەلێک هۆکاری بایۆلۆجی.
هەموو ئاژەڵە بڕبڕەدارەکان (لەوانەش مرۆڤەکان) سیستەمێکی دەمارییان هەیە، نزیکەی هەموو ئەو شتانە کۆنتڕۆڵ دەکات کە لە جەستەدا ڕوودەدەن. دابەشکراوە بەسەر چەند سیستەمێکی جیاواز یان کۆمەڵێك خانەی دەماریی کە هەموویان پەیوەندی بەیەکتر دەکەن، لەوانە سیستەمی دەماری ناوەندی (سەرەکی) کە مێشک و بڕبڕەی پشت لەخۆدەگرێت، هەروەها سیستەمی دەماری چێوەیی (جەستەیی) کە زیاتر دابەش دەبێت بەسەر سیستەمی دەماری خۆیەکی (خودکاریی) و ڕیخۆڵەدا. سیستەمی دەماری خۆیەکی پێکهاتووە لە سیستەمی سیمپاتیکی (شەڕکردن یان فڕین) و سیستەمی پاراسیمپاتیکی (پشوودان و هەرسکردن).
کاتێک هەست بە فشار دەکەین، تەواوی سیستەمی دەمارەکان خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ئەوەی یارمەتیدەرمان بێت لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر ئالنگارییەك کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە. مێشکی ئێمە ئەدرنالین و کۆرتیزۆڵ (هۆڕمۆنە سەرەکییەکانی فشار) دەردەدات و بە سیستەمی خۆیەکی (خۆنەویست) دەڵێت رێژەی هەناسەدان و لێدانی دڵ و فشاری خوێن و گرژی ماسولکەکان زیاد بکات. ئەمەش واتە لەوانەیە قوڕگ و گەدە و ڕیخۆڵەکان توند ببنەوە یان گرژبوونی کاتی (جامبوون) ڕووبدات، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە گرێیەک لە قوڕگتدا، “پەپوولە” یان گرێیەکی توند لە گەدەتدا (پەپوولە واتا نیشانەکانی وەک هێڵنجدان، هەستکردن بە سووتانەوە، زیادبوونی لێدانی دڵ، و وشکبوونەوەی دەم )، هەروەها هەستکردن بە پێویستی فڕێدان بۆ سەرەوە، و/یان زیادبوونی گرژبوونی ڕیخۆڵە و وپێویستی بەپەلە بۆ سەرئاو.
باوەڕ بکەی یان نا، ئەمە سیستەمێکی گەورەیە کە لە ڕوانگەی پەرەسەندنەوە پێویستە لە شوێنی خۆیدا هەبێت. یارمەتی باوباپیرانمانی داوە لە هێرشی پڵنگی ددانی سابر (پڵنگی کەڵبەداری درێژ) ڕزگاریان بێت، ڕاوکردنی مامۆسە تووکندارەکان، ڕزگاربوون لە ئاگری ساڤانا، و بەڕێوەبردنی هەموو ئەو ئالنگارییانە گەورانەی تر کە ڕووبەڕوویان بوونەتەوە کە پێویستیان بە بەرهەمێکی زۆری وزەی جەستەیی هەبوو بۆ ڕاکردن یان شەڕکردن. بەداخەوە ئەمڕۆ ئەم سیستەمە ئەوەندە بەسوود نییە کە یارمەتیمان بدات لە بەڕێوەبردنی ئالنگارییەکان و سترێسەکانی ژیانی مۆدێرن. هاتوەچۆی قەرەبالغ کە وا دەکات دوابکەویت، پارە نەدراوەکان، کۆبوونەوە ناخۆشەکان، وادەکانی نزیکبوونەوە، دەمەقاڵە لەگەڵ ئازیزانت- هەموو ئەمانە فشاری خۆیان هەیە، بەڵام هیچ کامیان پێویستیان بە بەرهەمێکی گەورەی هەوڵی جەستەیی نییە بۆ ئەوەی لە ژیاندا بمێنیتەوە.
بەداخەوە، هێشتا سیستەمی دەمارەکانمان کاردانەوەی هەیە بەرامبەر بە هەموو فشارێك کە ڕووبەڕوومان دەبێتەوە وەک ئەوەی پڵنگێکی کەڵبەدار هێرش بکات. واتە هەموومان شەربەت درووست دەکەین (بە ئەدرنالین و کۆرتیزۆڵ و گرژییەکی لێدانی دڵ و ماسولکەکان) و دواتر بەو هەموو وزەیە هیچ شوێنێکمان نییە بۆی بچین. هەر بۆیە فشار دەتوانێت وامان لێبکات هەست بە ترسناکیی جەستەیی بکەین، تا نیشانەکانی گەدە و ڕیخۆڵە بە شێوەیەکی بەرچاو خراپتر دەبن.
پێویستە چی نەکەی؟
هەندێک جار پزیشکانی نیازباش پێت دەڵێن “فشار کەم بکەرەوە”. کێشەی ئەم ئامۆژگارییە ئەوەیە کە دەتوانێت ببێتە هۆی دوورکەوتنەوە. تاکە ڕێگە بۆ ئەوەی بەڕاستی لە فشار دوور بکەویتەوە ئەوەیە کە لە ڕۆتینەکانی ژیان دوور بکەویتەوە، و ئەوەش خواستراو و بەردەوام نییە. لەوانەیە ئەمانەت تاقیکردبێتەوە- پەڕاندنی گەشتەکان یان ڕووداوەکانت، مانەوەت لە ماڵەوە کاتێك هەست بە باشی ناکەیت، ئەنجامنەدانی پەیوەندی کۆمەڵایەتی، تێپەڕاندنی کارەکان یان ئەرکەکانی چالاکییەك.
ئەگەر هەوڵت داوە خۆت بدزیتەوە یان خۆت فریوبدەیت کە دەزانیت ئەمەش کار ناکات. لەوانەیە هەست بە باشتربوون بکەیت بۆ ماوەیەکی کورت، بەڵام بۆ ماوەیەکی درێژ خەفەتبار و نائومێدت دەکات، ئەوەش وا نەیکردووە نیشانەکانی گەدە و ڕیخۆڵە ئاسانتر و باشتر بێت. لە ڕاستیدا خۆدزینەوە بۆ ماوەیەکی درێژ مەیلی ئەوەی هەیە شتەکان خراپتر بکات.هەندێک کەس ئەوەندە دەترسن کە “لە کاتی خۆیدا” نەگەنە سەرئاو، بێ گوێدانەی ئەوەی کە گەیشتنیان بە سەرئاوەکە قورس بێت یان بەکارهینانی شەرمەزارکەر بێت. ئەگەر ئەم ئاریشەیە چارەسەر نەکرێت، دەتوانێت بگۆڕێت بۆ ئاگۆرافۆبیایەکی تەواو (ترسێکی لەرادەبەدەر لە شوێنی گشتی و قەرەباڵغ وە دوورکەوتنەوە لێیان) چونکە تۆ زۆر نیگەرانیت لە ڕشانەوە یان هەر ڕووداوێك. ئەم جۆرە خۆدزینەوە دەتوانێت ژیانت بەڕاستی وێران بکات.
چارەسەر چییە؟
فێربە چۆن فشار بەڕێوەببەیت و کۆنترۆلی بکەیت، و ئەو کاریگەرییەی لەسەر جەستەت هەیەتی. (کۆمەڵێك ڕێگە هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە، کە لە پۆستەکانی داهاتوودا بە وردی باسی دەکەم). ڕاهێنانی پشوودان (کە فشار دەکوژێنێتەوە) و چالاکیی جەستەیی (کە فشار دەسوتێنێت) ڕێگەیەکی زۆر باشە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە بایۆلۆجییەکانی فشار لەسەر سیستەمی گەدە و ڕیخۆڵە.
هەروەها فێربوونی بە کارەساتنەکردن گرنگە. بەکارەساتکردن واتە زیادخەمڵاندنی ئەگەری ڕوودانی شتێکی ترسناک، یان چەندە ترسناک دەبێت ئەگەر شتێکی خراپ ڕووبدات. بەو پێیەی مێشکت وەستای کۆنترۆڵکەری هەموو جەستەتە (لەوانەش سیستەمی هەرسەکەت)، هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە بە گۆڕینی چۆنیەتی بیرکردنەوەت و چۆن شتەکان بەڕێوەدەبەی و کۆنترۆڵی سیستەمی وەڵامدانەوەی فشاری جەستەت دەکەی، دەتوانی زۆرێك لە ناڕەحەتیەکانی گەدە کەم کەیەوە.
__
نویسنی مێلیسا جی هانت. دکتۆرای هەیە. دەروونناسێکی کلینیکییە لە زانکۆی پێنسیلڤانیا. پسپۆڕە لە کارکردن لەگەڵ ئەو کەسانەی کە تووشی نەخۆشی درێژخایەنی گەدە و ڕیخۆڵەن. ئەو توێژینەوەی بنەڕەتی دەکات، بەڵام نەخۆشەکانیش دەبینێت و چارەسەری خودیارمەتی مەعریفی-ڕەفتار بۆ تێکچوونەکانی گەدە و ڕیخۆڵە پەرەپێدەدات و چارەسەریان بۆ دەدۆزێتەوە.
وەرگێڕانی بۆ خۆپارێز: گەنجۆ ئیسماعیل
سەرچاوە psychologytoday.com