چۆن ئازاری دەروونی حاڵەتێکی سەخت کەم دەکەیتەوە.
بەپێی لێکۆڵینەوەیەك لە دەزگای تەندروستی نەتەوەیی، ” ناڕەحەتی سۆزداری دۆخێکی ئازاری دەروونییە کە دەکرێت چەندین شێوەی جۆراوجۆری هەبێت. ڕەنگە لە سەرئەنجامی کێشەیەکی دەروونی بێت یان چەند دۆخێکی دیاریکراو، وەک ئاستەنگی لە پەیوەندییەکان یان فشاری دارایی.”
کاتێک ڕووبەڕووی حاڵەتێکی پڕفشاردەبیتەوە، تەکنیکێك هەیە کە یارمەتی زۆر کەسانی داوە. تەکنیکێکی سادەیە، لە کاتێکدا دەکرێ هەندێك یادەوەری پڕفشار بهێنێتە ئاراوە، هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە ئازارەکانی ڕابردووت دەکرێ یارمەتیت بدات بۆ دەربازبوون لەو ئازارانەی کە مامەڵەی لەگەڵ دەکەیت.
ئەگەر ژیان بەشێوەیەکی گشتی یان تایبەتی نیگەران و خەمبارت دەکات و گوشارت دەخاتە سەر، دەبێت ئەوکاتەت لەبیر بێت کە شتەکان خراپتر بوون. ڕەنگە هەمان کێشە نەبووبێت، بەڵام کێشەیەك کە هەمان کاریگەری سۆزداری (عاتفی) هەبووە.
سەیری تێچووی ئەوشتانە بکە کە پێشتر پێیدا تێپەڕبوویت: سۆزداری، دارایی، کات و وزە هەموو کۆدەبنەوە. ئەگەر بە ئەزموونی تردا تێپەڕیویت کە هەمان تێچوویان هەبووە، ئەوا دەتوانی لەم ئەزموونەش بژی و تێپەڕبیت. ئەگەر بابەتەکە تەنها پارەیە، سوپاسگوزاربە چونکە دەتوانی بیگەڕێنیتەوە. تەندروستی شتێکی ترە،بۆیە سوپاسگوزاربە بە بوونی کێشە داراییەکان.
کاتێك شتەکان قورس دەبن یان بەرەو هەڵە دەڕۆن، دەکرێت هەستەکانت هەموو حاڵەتەکە بگرێتەوە، و ئەمە ئەو شوێنەیە کە پێویستە لێوەی دەستپێبکەیت. بە دۆزینەوەی شوێنێکی ئاشنات بۆ ئەوەی هەستەکانتی لێدابنێی، دەتوانی کەمێك کۆنترۆڵی دۆخەکەت بکەیت. بەڵام دەبێت ئەو بژارەیەت هەبێت کە نەهێڵیت هەستە نەرێنیەکانت بتبەزێنن، یان لانی کەم بجەنگیت تا زەرەری زیاترت پێ نەگەیەنێت.
ژیان سەختە و زۆرجار کێشەش ڕوودەدات. بۆیە دەبێت فێرببیت گورج بیت لە خۆڕاگریی سۆزداریت و بەکاری بهێنیت. فێربە ئەرێنیانە بەخۆت بڵێیت، کە بە زۆر شتی سەخت تێپەڕبوویت. لە هەندێکیان باشتر دەرچوویت لەوەی پێشبینیت بۆ کردووە و هەندێکیان نا. هەواڵە باشەکە ئەوەیە کە تێپەڕت کردوون و ئێستا لە لایەکی تری کێشەکەی. و بەم زووانە لەوبەری ئەم کێشەی ئێستاشت دەبیت.
زانین هێزە و زانینی ئەوەی کە دەتوانی ئەم شتە ببەزێنی کە پێشتر ڕووبەڕووی بوویتەوە، بەهێزت دەکات. ئەوە ڕێگەیەکە بۆ ئەوەی شتەکان لە یادگەتدا بمێنێتەوە و ئەوانەی کە لە ڕابردوودا ئەزموونت کردووە، بخەیتە بواری جێبەجێکردنەوە. ئەم خاڵە بۆ کێشە جەستەیی و سۆزدارییەکانیش بەسوودە.
مرۆڤەکان توانایەکی باوەڕپێنەکراویان هەیە بۆ خۆگونجاندن. لە ڕاستیدا، درک پێنەکردنی ئەو کارانەی کە کردوومانە شتێکی زۆرباشە. بەڵام درکی پێدەکەیت و لەگەڵ ژیانت خۆت دەگونجێنیت و ئەوەش بەردەوام دەبێت، سوپاس بۆ خوا، چونکە گۆڕانکاریی هەر بەردەوامە لە ژیانمان، بۆیە ژیرانەیە تا دەکرێت ئاسودە بیت لەگەڵی..
بەم ئاڵنگاریە تێدەپەڕیت وەک چۆن لەوانی تر تێپەڕبوویت. کاتە سەختەکان شوێنەواری جەنگ جێ دەهێڵن، بەڵام ئەزموونی گەیشتن بە لایەکەی تریشت بۆ بەجێدەهێلن. ئەوە زۆر بەنرخە چونکە ئەگەر بەبیرت بێتەوە کە پێشتر ئەنجامت داوە، دەتوانی دووبارە ئەنجامی بدەیتەوە.
بارتن گۆلدسمیث، دکتۆرا، دەروونناسی مۆڵەتپێدراو لە چارەسەری کێشەی خێزانی و هاوسەرگیری. دەروونزان و نووسەری خەڵاتکراوە. سەرنووسەری ڕۆژنامەکانی شیکاگۆ تریبون، هەواڵی ڕۆژانەی نیویۆرک، وە نووسەری ٧ کتێب، نوێترینیان: دیدی سەرکەوتن- ٧٥ ڕاهێنانی سایکۆلۆژی بەهێزکەر بۆ بەدەستهێنانی ئەوەی کە دەتەوێت لە ژیان.
وەرگێڕانی بۆ خۆپارێز: عەبدوڵا مەجید
سەرچاوە: psychologytoday.com