وێنەی دوکەڵی نێرگەلە

بۆمبە چێنراوەکەی کوردستان لەکاتژمێر سفردا دەتەقێتەوە!

نوسینی: د. ئالا‌ء بکر
پزیشکی ڕا‌هێنراوی گشتی

بەڵێ بۆمب لەشارەکانی کوردستان نێژراوەو لەهەرکاتێکدا بێت دەتەقێتەوەو بەهەزاران کەس دەبن بەقوربانی. ئەم بۆمبە لەلایەن هیچ دوژمنێکی دەرەکی نەچێنراوە! دروستکەرو تەقێنەری بۆمبەکە خۆمانین.

بێ ئاگا دەستمان خستۆتە تینی گەنج‌و هاوڵاتیانی خۆمان. ئەم بۆمبە بۆمبێکی جیاوازە، لەوانی تر ناچێ، لەکاتی تەقینەوەیدا دەنگی بەرز دروست ناکات، قوربانیەکانی لەناکاوو دەستبەجێ نامرن، بەڵکو مردن بەدەستی ئەم بۆمبە مردنێکی لەسەرەخۆ و پڕئازارە، بێ دەنگەو جەماوەر پێی نازانن.

بەڕێزان ئەم بۆمبە نێرگەلەیە.

نێرگەلە، لەم ساڵانەی دواییدا زۆر بەخێرایی تەشەنەی کردوەو خەڵکانێکی زۆری لەهەردو رەگەز ئالودە کردوە. ئەم دیاردەیە زۆر بەڕونی لەشارەکانی کوردستان بەدی دەکرێ. بەنمونە لەشاری سلێمانی، لەزۆربەی گەرەکەکاندا ٢ تا ٣ کافتریای نێرگەلەی تێدا کراوەتەوەو رۆژانە سەدان گەنج سەردانی دەکەن.

ئەوانەی نێرگەلە دەکێشن پێیانوایە زەرەری کەمەو ئاوەکەی ناوی ژەهرەکان پاک دەکاتەوە، بەڵام چەندین توێژینەوەی زانستی ئەوەی سەلماندوە کە زیانە تەندروستیەکانی نێرگەلە ئەگەر لەجگەرەکێشان زیاتر نەبێت کەمتر نیە.

بەپێی ڕێنمایەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان WHO کێشانی نێرگەلە لەیەک کاتژمێردا یەکسانە بەکێشانی ١٠٠-٢٠٠ جگەرە. یەکێک لەخراپترین دەرئەنجامەکانی نێڕگەلەکێشان ئەوەیە کە دەبێتە هۆی گواستنەوەی نەخۆشی لەرێگەی مژۆکی نێرگەلەکەوە، چونکە هەموان راستەو خۆ دەمی پێوە دەنێن‌و هاوبەشیی پێ دەکەن و ئەمەش دەیێتە هۆکاری گۆستنەوەی چەندین نەخۆشی لەوانەش سیل و ڤایرۆسی جگەرو لەرۆژگاری ئەمرۆشماندا ڤایرۆسی کۆرۆنا.

هەر ئەوەندە بەسە کەسێکی توشبو بەم دەردە کوشندەیە بەکاری بێنێت، ئیتر زۆر بەئاسانی دەگوازرێتەوە بۆ ئەوانی ترو پاشان خێزان و کۆمەڵگا. وەکو ئاگر بنێی بە کای وشکەوە تەشەنە دەکات و ئیتر کۆنترۆڵ کردنی مەحاڵ یان زۆر گران دەی‌ێت. دەرئەنجامی تری نێرگەلەکێشان بریتیە لەتوشبون بەهەوکردنی کۆئەندامی هەناسەو نەخۆشی دڵ و شێرپەنجەو چەندین نەخۆشی تر.

ئەرکی هەموانە پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ‌و ئەم بۆمبە بتەقێتەوەو یەکێک لەخۆشەویستەکانمان بکاتە قوربانی هەموان بێدەنگی بشکێنین و هەڵوێستمان هەبێت، ئیتر هەریەکەو لە جێی خۆیە خێزانی خۆی بپارێزێ و شوێنی کارەکەی بەکار بێنێ بۆ بڵاو کردنەوەی هۆشیاری تەندروستی لەمامۆستایانی ئایینی و قوتابخانەکان و ڕاگایاندکارەکان و تەندروستکاران و ڕێکخراوە ناحکومیەکان و لایانی پەیوەندیدار و هەرکەسێکی تر کە خەمخۆری ئەم وڵاتەیە. تکایە ئیتر بێنە گۆ و کردار تا بۆمبەکە نەتەقیوەتەوە و کەسێکی نزیکمان نەبونەتە قوربانی.

بابەتێکی بەسودە، وانیە؟ دەی ئەو سودە بە دۆستانت بگەیەنە، شەیەری کە،
د. ئالاء بەکر ئەحمەد
د. ئالاء بەکر ئەحمەد

د. ئالاء بەکر ئەحمەد، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری 'خۆپارێز'ە. دەرچوی کۆلێژی پزیشکی و نەشتەرگەری لە زانکۆی سلێمانیە و ئەزمونی زیاتر لە پێنج ساڵ کاری پزیشکی هەیە.

Articles: 3