سێ قوتابی کچ لەبەردەم حانوتی قوتابخانە وەستاون

حانوت سەرچاوەی خۆراک یان نەخۆشی؟ خۆت بڕیاردەر بە

لەگەڵ کرانەوەی قوتابخانەدا قوتابی رۆژانە ٤-٥ کاتژمێر لە قوتابخانە بەسەر دەبات و بۆیە بەدڵنیاییەوە ژەمێکی بەیانی یان نیوەرۆ لە حانوت دەکڕێت، ئەمە بەدرێژایی ساڵی خوێندن نزیکی ٢٠٠ ژەمە خۆراک دەکات بۆ هەرقۆناغێک و نزیکی ٣٠٠٠_٤٠٠٠ ژەمە خۆراک دەکات بۆ ١٨ ساڵی تەواو کردنی خوێندنی سەرەتایی و ئامادەیی.

ئەمەش بڕێکی زۆرە و بەدڵنیاییەوە ئەتوانێ تەندروستی قوتابی دیاری بکات جا بەئاراستەیەکی تەندروست یان نا تەندروست.

ئەوەی جێگەی داخە لە هەرێمی کوردستان و دەوروبەری، ئەو خۆراکانەی لە ژمارەیەکی زۆری حانوتەکان دەفرۆشرێن زۆر نا تەندروستن و نەک تەنها بەهای خۆراکی بەرزیان نیە بەڵکو سەرچاوەن بۆ دەیان نەخۆشی مەترسیدار.

لەوخۆراکە باوانەی کە لە حانوتەکان هەن بریتین لە؛ جبس، بسکیت، نەستەلە ومەساسە، کێك،… ..

خواردنەوەکانیش وەک؛ ئاوی مەتارەی پلاستیک، شەربەت و خواردنەوەی گازی ( کۆکا کۆلا و بیبسی )….

ئەم بابەتە خۆراکیانە لەباشترین حاڵەتییاندا واتە ئەگەر ماوەیان بەسەر نەچوبێت وبەسەلامەتی گواسترابێتنەوە و هەڵگیرابێتن و لەبەر تیشکی خۆر دانەنرابن، کە ئەم مەرجانە لە زۆر شوێن ڕەچاو ناکرێن، هێشتا سودی خۆراکیی زۆر کەمیان تیایە و بگرە زیانیان زۆر زیاترە وەک لە قازانجیان.

ئەم خۆراکانە ناتوانن پێویستی خۆراکی مرۆڤێکی تەمەن ٦-١٨ ساڵ پربکەنەوە، لەم تەمەنەدا مرۆڤ پێویستی زۆری بە خۆراکی پر بەهایە ، خۆراکێک کە یارمەتی بات هەم جەستە و هەم مێشکی تەندروستانە گەشەبکات وبەرگری لەشی بەهێز بکات و پارێزراو بێت لە زۆر نەخۆشی.

سەرسورمان لەوەدایە ئێمەی بێئاگا خۆمان مناڵەکانمان و قوتابیەکانمان بەرەو نەخۆشی ئاراستە ئەکەین. دوایش پێمان سەیرە بۆ توشبون بەنەخۆشی قورس! کە ئێستا دەزانین نەخۆشی قورس لە مناڵاندا زیادی کردوە بەتایبەت شێرپەنجە وچەندین نەخۆشی تریش.

ئەم کارەساتە بەر پرسیارێتی هەموانە بە لایەنی فەرمی و قوتابخانەکانەوە. بەڵام لە هەموی زیاتر بەرپرسیارێتی دایک و باوکە. چونکە هەموان تەنها گلەیی دەکەن و هیچی تر. بەڵام ئەوە تەنها دایک و باوکە کە پێوستە بجەنگن لە پێناو تەندروستی ڕۆڵەکانیان تاوەکو خۆراکێکی سروشتی و پر سود بدەن بە  ڕۆڵەکانیان نەک خواردنێکی دروستکراو ودەستکاری کراوی کارگەکان .

لە وڵاتانی پێشکەوتوو، یان ئەوەتا قوتابی خواردن لەگەڵ خۆی دێنێ یاخود قوتابخانە هەڵدەستێ بە دابینکردنی خۆراکێکی تەندروست بۆیان. ئەمەش لەڕێگای ڕاهێنان و پێدانی ڕێنمایی خۆراکی بۆ حانوتەکان و پاشان چاودێری (ستاندارد) دەخەنە سەر‌حانوتەکان ‌‌‌‌‌ تاوەکو منداڵەکانیان هاوشێوەی پەرورەدەی عەقڵیی و دەروونیان، جەستەیەکی ساغڵەم و تەندروستیان هەبێت. لێ بەداخەوە لە کوردستان ئاوا نیە. بەگوێرەی چاودێری و تێبینیکردن بێت ئەوەی لە زۆربەی حانوتەکان دەدرێت بە منداڵانی خۆمان، خۆراکێکی نەخۆشی-هێن و کەم سودە.

چارەسەر لە چەن هەنگاوێکی زۆر سادەدا بریتیە لە:

١/  هەرکاتێک کە دایک  وباوک سەردەانی قوتابخانە دەکەن بۆ هەواڵپرسینی منداڵیان، پێوستە  لەگەڵ بەڕێوبەر جەخت لەسەر بونی خۆراکی تەندروست بکەن لە حانوتەکان خۆ ئەگەر ژمارەیەکی بەرچاو وا بکەن بە دڵنیاییەوە بەڕێوبەری قوتابخانە هەوڵی جدی خۆی ئەیات وداواکارییەکەیان جێبەجێ دەکات، چونکە ئەوەنەی من ئاگادارم رێنمایی تەندروستی هەیە بەڵام جێبەجێ ناکرێت.

٢/زۆر کارێکی  ئاسانە کە قوتابی خۆراکی پێوست لەگەڵ خۆی بەرێت ،کە لەماڵەوە تەندروستانە ئامادە کرابێت وەک؛ لەفەی(نۆکاو، پەنیر، هێلکە، پەتاتە، شفتە، مریشک،…) کە سەوزەی پاکی تێدابێت وەک(کاهو، تەماتە، خەیار،گێزەر،…)، لەگەڵ میوە وەک (لالەنگی، مۆز، سێو، هەرمێ، و …. ئەوانی تر) لە دەفری هەڵگری خۆراکدا کە ئێستا لە بازار و مارکێتەکان بە ئاسان دەست دەکەوێ. پاشان قوتابی پێویستە ئاوی خۆی پێبێت کە لە مەتارەیەکی ژینگە-دۆست و تەندروستدا بێت.

ئەم پێشنیارانە زۆر سادە و کردارین و پێویستە بکرێن بە نمونەیەکی ئەرێنی و قوتابیەکانی تریش چاوی لێبکەن.

چارەسەر شتێکی مەحاڵ و نەکردە نیە! لەڕاستیدا ئەگەر هەموان بەشێکی ئەم بەرپرسیارێتیە هەڵگرین. چارەسەر پڕ ئەگەرە. بە نمونە لە جیاتی ئەوەی هەموو سەرنجمان لەسەر ئەوە بێت پارە بۆ مناڵێک کۆکەینەوە کە توشی نەخۆشیەکی قورسی وەک شێرپەنجە بوە، پاش ئەم ئەرکە، لەوە کرداری تر ئەوەیە نەوەیەک بپارێزین لە نەخۆشی لە ڕێگەی دابین کردنی خۆراکی تەندروست بۆیان، پێش ئەوەی توش بەم جۆرە نەخۆشیە بن، ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان بدەین بۆ خۆپاراستن. چونکە هەمومان هاوڕاین لەسەر ئەوەی خۆپاراستن باشترە لە چارەسەر.

ئەم بابەتە لە گۆڤاری ژیار بۆ یەکەم جار بڵاوکراوەتەوە.
بابەتێکی بەسودە، وانیە؟ دەی ئەو سودە بە دۆستانت بگەیەنە، شەیەری کە،
د. ئالاء بەکر ئەحمەد
د. ئالاء بەکر ئەحمەد

د. ئالاء بەکر ئەحمەد، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری 'خۆپارێز'ە. دەرچوی کۆلێژی پزیشکی و نەشتەرگەری لە زانکۆی سلێمانیە و ئەزمونی زیاتر لە پێنج ساڵ کاری پزیشکی هەیە.

Articles: 3