جیاوازی نێوان تاوان و شەرمەزاری
شەرمەزاری هەستێکی خۆئاگادارە، لەو هەستەوە سەرهەڵدەدات کە لە بنەڕەتدا شتێک لە خۆیدا هەڵەیە. کاتێک شەرمەزار دەبین زۆرجار هەست بە ناتەواوی و پڕ لە گومان لە خۆ دەکەین، بەڵام لەوانەیە ئەم ئەزموونانە لە دەرەوەی هۆشیاریمان بن. ئەمەش وادەکات دەستنیشانکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ هەستی شەرمەزاری قورس بێت.
جێگەی سەرسوڕمان نییە، شەرمەزاری پەیوەندی بە خەمۆکی و هەست و سۆزە نەرێنییەکانی دیکەوە هەیە لەوانە توڕەیی، گومان، کەمتەرخەمی، بێدەسەڵاتی، خۆئاگاداری، دڵەڕاوکێی نێوان کەسەکان، و وەڵامدانەوەی ملکەچی بۆ توڕەیی.(گۆس،گیلبێرت، ئاڵان،١٩٩٤،لێویس) .
شەرمەزاری بارودۆخی بەرامبەر شەرمەزاری سروشتی
“شەرمەزاری بارودۆخی” کاتێکە کە ئەزموونێکی ساتەوەختی شەرمەزاریمان هەبێت لە وەڵامی ڕووداوێکدا. هەموومان هەندێک جار ئەم جۆرە هەستەمان بەسەردا دێت، ڕەنگە کاتێک قسەمان لەگەڵ دەکرێت، گاڵتەمان پێدەکرێت، یان بریارمان لەسەردەدریت. “شەرمەزاری سروشتی” زیاتر لە سیفەتێکی کەسایەتی دەچێت. بۆ هەر شوێنێک بچین لەگەڵ خۆمان هەڵیدەگرین. لەوانەیە زیاتر هەست بە شەرمەزاری بارودۆخی بکەین یان ڕەنگە بەردەوام هەست بە کەمێک شەرمەزاری بکەین لە خۆمان. ڕەنگە شەرمەزاری سروشتی زیاتر پەیوەندی بە کەمبوونەوەی خۆشگوزەرانیی هەبێت . ئەم دوو جۆرە شەرمەزارییە جیاوازن لە تاوانباری. تاوانباری لە ئەنجامی هەندێک کرداردا سەرهەڵدەدات کە کردوومانە (یان نەمانکردووە). لەوانەیە هەست بە پەشیمانی بکەین کە شتێکی خراپمان کردووە. لە ڕاستیدا هەستکردن بە تاوانباری هانمان دەدا بۆ گۆڕینی ڕەفتارەکانمان، بۆ ئەوەی ناچار نەبین جارێکی تر بەم شێوەیە هەست بکەین.
لە بەرامبەردا شەرمەزاربوون، لە ئەنجامی هەڵسەنگاندنی نەرێنی کەسانی دیکەوە سەرهەڵدەدات، تەنانەت ئەگەر هیچ شتێکمان نەبێت هەست بە تاوان و شەرمەزاری بکەین (لویس، ١٩٩٥). لە ئەنجامدا هەست ناکەین ئەوەی کردمان خراپ بێت. هەست دەکەین ئێمە وەک تاکێک خراپین. لە ئەنجامدا ڕەنگە هەست بە بچووکی، بێ بەها، یان بێدەسەڵاتی بکەین. بەو پێیەی گۆڕینی ڕەفتارەکانمان یارمەتیدەرمان نییە بۆ کەمکردنەوەی هەستی شەرمەزاری، دەتوانێت ببێتە هۆی ئەوەی خۆمان لە کەسانی دیکە بشارینەوە یان دووربکەوینەوە.(تانگینی،واگنێر،گرامزۆ،١٩٩٢)
بە تێپەڕبوونی کات، شەرمەزاری دەتوانێت ببێتە هۆی شتێک کە پێی دەوترێت “بەرجەستەکردنی کەسانی تر” یان باوەڕێک کە کەسێک (یان هەموو کەسێک) ئێمەی قبوڵ نیە . لەوانەیە دواتر لە ڕێگەی چاوی کەسانی دیکەوە هەڵسەنگاندنی نەرێنی بۆ خۆمان ئەنجام بدەین. واتە ڕەنگە ئێمە دیدگای ئەرێنیمان هەبێت بۆ خۆمان، بەڵام هێشتا پێمان وایە ئەوانی تر بۆچوونی نەرێنییان هەیە سەبارەت بە ئێمە.
ئەگەر منداڵێک لە گۆڕەپانی یاریکردندا گاڵتەمان پێ بکات (یان تەنانەت ئەگەر گەورەیەک لە شوێنی کارەکەمان گاڵتەمان پێ بکات)، لەوانەیە تووشی ‘شەرمی بارودۆخی (یان ساتەوەختی)’ بین. بەڵام ئەگەر زۆرجار تووشی گاڵتەکردن بین، ئەوا شەرمەزارییەکە دەست دەکات بە ناوەکیبوون- دەست دەکات بە بوون بە بەشێک لە ئێمە ئەمەش کاتێکە کە ڕەنگە دەست بکەین بە پەرەپێدانی ”شەرمەزاری سروشتی”.
چی دەبێتە هۆی شەرمەزاری؟
ملیۆنێک ئەزموونی جیاواز هەیە کە ڕەنگە ببێتە هۆی شەرمەزاری. لە ڕاستیدا توێژەران دەڵێن دەکرێ لە هەر ئەزموونێکەوە بێت کە ئێمە خۆمان بەراورد بکەین بە ئاستە پێوانەییەکانمان بۆ خۆمان. بەڵام توێژەران باس لەوە دەکەن کە زۆرجار شەرمەزاری، بەهۆی هەستکردن بە وردبینی یان گاڵتەکردن لەلایەن کەسانی دیکەوە سەرهەڵدەدات کە لە ئێمە بەهێزترن. بە تایبەتی ئەو دایک و باوکانەی کە خۆشەویستی خۆیان دەکشێننەوە یان سووکایەتی یان بێزاری بەرامبەر بە منداڵەکەیان دەردەبڕن، ئەزموونی شەرمەزاری لەو منداڵەدا زیاد دەکەن (لویس،١٩٩٥)
لە دۆخێکی دیاریکراودا، ڕەنگە تووشی شەرمەزاری بین، دوای ئەوەی بەبێ هۆشیاری زنجیرەیەک پرسیار لە خۆمان دەکەین.
یەکەم: دەپرسین “ئایا ئەمە بەهۆی منەوەیە، یان ئەمە بەھۆی شتێکی دەرەوەی منەوەیە؟.
دووەم: لە خۆمان دەپرسین “دەتوانم هۆکاری ئەم ڕووداوە بگۆڕم؟. وەڵامی ئێمە یان( بەڵێ، ئەمە کۆنترۆڵ دەکرێت)، یان (نەخێر، ئەمە کۆنترۆڵ ناکرێت). ئەگەر دیاری بکەین کە ئەم شتە دەتوانرێت کۆنترۆڵ بکرێت، ئەوا ڕەنگە زیاتر تووشی تاوانباری ببین.
سێیەم:لەخۆمان دەپرسین ئەم شتە تا چەند جێگیرە یان هەمیشەییە؟. ئەگەر گۆڕانکاری لەم شتەدا نەبێت ئەوا ئەگەری زۆرە هەست بە شەرمەزاری زیاتر بکەین.(ترەیسی- رۆبینس،٢٠٠٦)
چەند ڕێنماییەک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ شەرمەزاری
شەرمەزاری خۆت دەستنیشان بکە. بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە شەرمەزاری دەتوانێت تا ڕادەیەکی زۆر ناهۆشیارانە بێت، پێدەچێت ناسینەوە و ناونانی شەرمەزاری پێکهاتەیەکی سەرەکی بێت لە چارەسەرکردنیدا (شێف، ٢٠٠٣). پێدەچێت ئەمە زیاتر بۆ لایەنی هەستەکان ڕاست بێت، بەگشتی، لەبەرئەوەی ناونانی هەستەکان یارمەتیدەرمانە بۆ باشتر لە خۆمان و ئەزموونەکانمان و ڕەفتارەکانی پەیوەندیدار تێبگەین (بێک، ٢٠١١). بۆیە بۆ دەستپێکردن ناوی شەرمەزاریەکەت بنوسە. مەرج نییە ئەمە لەگەڵ کەسی تردا بڵاو بکەیتەوە. تەنها بنووسە “هەستم بە شەرمەزاری کرد کاتێک…” چەند جارێک وەسفی بکە کە هەستت بە شەرمەزاری کرد. لەوانەیە ئازارت بدات دان بەوەدا بنێیت، بەڵام کاتێک دانت پێدا دەنێیت، دەتوانیت دەست بکەیت بە چارەسەرکردنی ئەم هەستە.
١. ڕاهێنانی خود-میهرەبانی
میهرەبانی خود یەکێکی ترە لە ئامرازە بەسوودەکان بۆ یارمەتیدانمان لە باشترکردنی خودبینینەکانمان و بەرەنگاربوونەوەی خۆڕەخنەگری ناوەوەمان. بەڵام میهرەبانی بە خود، ئامرازێکە کە بەکاردێت بۆ ئەوەی لە چاوی خۆمانەوە بە شێوەیەکی ئەرێنی سەیری خۆمان بکەین. بە سەرنجدان بەوەی کە شەرمەزاری بریتییە لە هەبوونی تێڕوانینی نەرێنی بۆ خود لە ڕێگەی چاوی ئەوانی دیکەوە، من پێشنیاری رێبازێکی دەستکاریکراو بۆ میهرەبانی بە خود دەکەم. بۆ چاندنی ئەم جۆرە لە میهرەبانی، نامەیەکی میهرەبانی بۆ خۆت بنووسە، بەڵام بیهێنە بەرچاوت کە لە ڕوانگەی کەسێکەوە بینووسە کە لە تۆ بەهێزترە. دەکرێت لە سەرۆکێکەوە بێت، لە دایک و باوکێکەوە بێت، لە مامۆستایەکەوە بێت، لە کەسێکەوە بێت کە لە ڕابردوودا شەرمەزاری کردوویت، یان تەنها کەسێکی خەیاڵی. لە نامەکەدا دڵنیابە لەوەی پەیامەکەیان میهرەبان و پشتیوانی و بەزەییدارە. وشەی چەسپاندن وەک “تۆ کەسێکی باشی شایەنی خۆشەویستی و سەرکەوتنت بڵاو بکەرەوە.
٢. هەوڵدان بۆ بیرکردنەوەی میهرەبانی- خۆشەویستی
ڕاهێنانی میهرەبانی خۆشەویستی ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە، کە لە توێژینەوەکاندا دەرکەوتووە کە هەست و سۆزە ئەرێنییەکان زیاد دەکات. لەم بیرکردنەوەدا، تؤ ئاڵوگؤری دەکەیت لە نێوان خەیاڵکردنی بەخشینی خۆشەویستی بە کەسانی تر و وەرگرتنەوەی خۆشەویستی. بۆ ئەوەی هەوڵبدە پەیامە شەرمەزارییەکانی ڕابردووت پاشەکشە بکەیتەوە، هەوڵبدە بە خەیاڵتدا بێت خۆشەویستی بدەیت بەو کەسانەی کە شەرمەزارت کردوون و دواتر بیهێنە بەرچاوت کە خۆشەویستیت پێدەبەخشنەوە. لەوانەیە بیهێنیتە بەرچاوت کە پێت بڵێن “هیوای هەموو ئەو تەندروستی و خۆشبەختییەت بۆ دەخوازم کە ئارەزووی دەکەیت”.
لە کۆتایی
شەرمەزاری هەستێکی نەرێنی ئاڵۆزە. خۆشبەختانە ئەگەر بتوانین دەست بکەین بە کارکردن لەگەڵیدا، بە خۆشحاڵیەوە دەتوانین دەست بکەین بە کەمکردنەوەی هەستی شەرمەزاری و بەرەوپێشچونی خۆشگوزەرانیمان.
نووسەر: دوکتۆر چیکڵ دەیڤس
وەڕگێر: ئاوێزان مەجید نوری